بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على رسول الله وعلى اله وصحبه أجمعين.
دایك و باوك ئەو دوو زاتە موبارەكەن كە خوای پەروەردگار لە قورئانەكەیدا وەسێتی بۆ ئیمانداران كردووە كەبە باشترین شێوە مامەڵە بكەن لەگەڵیاندا وەك دەفەرموێت: ( ووصینا الانسان بوالیدیه إحسانا) بێ گومان وەسێتی خوای پەروەردگار لە كۆتا پەیامیدا بۆ مرۆڤایەتی و موسوڵمانان شتێكە پێویست بە بایەخ پێدان و بە گەورە و گرنگ سەیر كردنە چونكە ئەمە وەسێتی مرۆڤێك نییە یاخود كەسێكی نزیكمان لە خزم و دۆست و هاوەڵان ...هتد , بەڵكو ئەمە وەسێتی خالقی هەموو بونەوەر و گەردوونە و ڕێنومایی پەروەردگارمانە لە كۆتا پەیامیدا كە بۆ كۆتا پێغەمبەری خۆی محمد المصگفی (صلی الله علیه وسلم ) ی ناردووە ,بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین كە دایك و باوك چ قورساییەكیان كەوتۆتە سەر شان و چ رۆل و ئەركێكی گەورە دەبینن لە پێ گەیاندن و پەروەردكردن و گەورە كردنی ئێمەدا چونكە هەتا لەو هەموو خزمەت و كارە گرنگەی دایك و باوك پێی هەڵدەستن و ئەو هەموو ئێش و ئازارانەی ئەوان دەی چێژن لە پێناو ڕۆڵەكانیاندا هەست پێ نەكەین , ئەوا ناتوانین بە ئەركی سەرشانامان بەرامبەر دایك و باوكمان هەستین و پاداشتی چاكەیان بدەینەوە ,سروشتی مرۆڤ وایە كاتێك شتەكانی لێ وون دەبێت ئەو كاتە قەدری دەزانێت , ئەگەر دایك یان باوكت مردوون و نەماون خوای پەروەردگار بە بەهەشتیان شادبكات ئەوا ئێستا تۆ باش لەم بابەتە تێ دەگەیەت ,خۆ ئەگەر زۆر دەمێك نەبێت دایك و باوكت كۆچی دواییان كردبێت رەنگە لە گەڵ خوێندنەوەی دێرەكانی ئەم نوسینەدا هۆن هۆن فرمێسك بە چاوانتا بێتە خوارەوە و بیری ئەو هەموو چاكەیەت بكەوێتەوە كە دایك و باوكت لە گەڵیاندا كردویت و تۆش لە كاتی خۆیدا پێت نەزانی و قەدری دایك و باوكت نەگرت و پاداشتیانت نەدایەوە , ئایا دەزانی رەنگە دایكت هەتا ئێستاش بە ئاواتی ئەوە بێت كە تۆ جارێك لە جاران دوای نان خواردن بڵێی بەراستی چێشتێكی بەتام و بەلەزەت بوو دەستت خۆش بێت دایە گیان , لەبەر ئەوە نا كە چاوەرێی سوپاس و پاداشت بێت لە تۆ, نەخێر بەڵكو لەبەر ئەوەی بزانێت رۆلەكەی تێربەسكی خۆی نانی خواردووە ؟ یان حەزی بە خواردنەكە بووە ؟ چونكە دڵنیا بە ئەو شتانەی دایكت بۆت ئەكات بێ بەرامبەر بۆتی ئەكات , ئای ئێمە چەند كەمتەرخەمین تەنانەت دایكمان دڵنیا ناكەینەوە لەوەی كە تێرو پرمان خواردووە ! قەت بنیوتە كاتێك دایكت بەڕێت ئەكات بۆ قوتابخانە ؟ ئەڵێت: رۆلە قەلەم و دەفتەرت بردووە ؟ ئەڵێیت بەڵی پێمە دایە, ئەویش پێت ئەڵێ نا كورەكەم سەیرێكی هەندەسەكەت بكە ؟ یان بزانە جەدۆلەكەت بەهەلە نەبردووە؟ بزانە هیچ كتێبێكت بیر نەچووە ؟ ئینجا دایكت سەیرێكت ئەكات و ئەڵێ رۆلە ساردە بۆ قەمسەلەكەت نابەی ؟ ئاخر با سەرمات نەبێ ! دوایی لەوسەر داكاتە باران چی ئەكەی؟ دەی بەقوربان چەترەكەشت بەرە , ئەی بۆ بلوسێ لەسەر ئەو قەمیسەوە لەبەر ناكەی ؟ تۆش رەنگە ئەم دلسۆزیەی دایكت بەوە پاداشت دابێتەوە وەك شێر نەراندبێتت بەسەریا و ووتبێت نانانانا نامەوێ ئەم هەموو پرسیارە چییە بێزار بووم ئاخ لە دەس تۆ, دە واز بێنە خۆم ئەزانم !!!! ئەبێت لەوكاتەدا دایكت چەندە دڵی لێت ئێشا بێت ئەی نازانی دایك و باوكت لێت تورە بن خواش لێت تورەیە و نارازییە ؟ خۆ ئەگەر دایك باوكیشت رازی بن لێت ئەوا خوای پەروەردگاریش لێت رازییە و خۆشتی دەوێت ؟ ئەوەتا سەیركە پێغەمبەری پێشەوامان وادەفەرموێت : ( رضی الله فی رضی الوالدین و صخط الله فی صخط الوالدین ) .
برا و خوشكە بەڕێزەكانم خۆش بە حالی ئەوكەسانەی خوا لێیان رازیە (رضی الله عنهم ورضوا عنه ذلك الفوز العظیم ) , پلەو پایەی دایك وباوك هێندە بەرز و گرنگە هەمیشە خوای پەروەردگار لە دوای ئەوەی فەرمانمان پێ دەكات خۆمان بپارێزین لە و تاوانەی كە هیچ لێخۆشبوونێك نایگریتەوە لە قیامەت كە ئەویش (شیرك ) هاوەڵ پەیداكردنە بۆ خوا , و پاشان پێمان دەفەرموێت ( وبالوالیدین إحسانا ) لەگەڵ دایك و باوكتاندا باش بن , زۆر باشە ئێستا حەز دەكەیت فەرمانبەرداری خوای پەروەردگار بیت ؟ بێگوومان ئەی چۆن حەز ناكەم موسوڵمان پێویستە هەمیشە گوێڕایەڵی خواو پێغەمبەرەكەی بێت, ئەی كوا بۆ نابینم لەگەڵ دیك و باوكتا زۆر باش مامەڵە ناكەی ! سەرت دامەخە و خەجالەتی مەكێشە هێشتا درەنگ نەبووە ئەتوانی قەرەبووی بكەیتەوە, جا كوا تۆ چوزانیت؟, لێم مەپرسە بەڵام لەگەڵ مندا وەرە با چەند پرسیار ێكت لێ بكەم بەڵام راست بە لە گەڵ خۆتدا , مەترسە كەس نازانێت لە دلی خۆتدا وەڵامی بدەوە ئەمەش پرسیارەكانە :
پرسیاری یەكەم : تا ئێستا دەستی باوكت ماچ كردووە لە كاتێكدا لە ناو هاوڕێكانی خۆیدایە ؟! ئەگەر كردووتە ئافەرین , بەڵام دڵنیام زۆربەمان پێمان عەیبە و دەڵیین بۆچیەتی گرنگ ئەوەیە ڕێزی لێ بگرین , نەخێر ئەنجامی بدە چونكە تۆ بەمە دوو شت بەدەست دێنی بەڵام هیچ لەدەست نادەیت :
یەكەم / دەی سەلمێنی كە كەسێكی خاكیت و خۆت بە گەورە نازانی .
دووەم/ ڕێزی خۆت بۆ باوكت ئەنوێنی و لە ناو هاوڕێكانیدا سەربەرزی دەكەیت , وای لێ دەكەیت شانازیت پێوە بكات و هاوەڵەكانیشی خۆزگەی پێ بخوازن و بڵێن : خوای گەورە لێت نەسەنێ بەراستی كوڕێكی یان كچێكی چاكت هەیە .
پرسیاری دووەم: ئێستا ئەگەر بڕیارت دا لە ئاوەدانیدا (دەستی باوكت ماچ بكەیت )! دەست خۆشیت لێ ئەكەم بەڵام ئەگەر هێشتا بڕیارت نەداوە ئەوا دووبارە ئەم بابەتە بخوێنەوە و بیری لێ بكەرەوە , ووردە ووردە لەگەڵ مندا وەرە دڵنیابە دەتوانی رێز لە دایك و باوكت بگری , ئێستا با پرسیاری دووەمت ئاراستە بكەم , لە ڕۆژێكدا چەندجار دڵی دایك و باوكت رەنجاندووە و كە شتێكیان پێ ووتووی گوێی خۆت لێ كەڕ كردووە و بە قسەت نەكردوون؟ راستگۆیانە لەگەل نەفسی خۆتدا بدوێ , كەمێك بیر بكەوە بزانە بەنزیكەیی چەند جار ؟
یەك جار ؟؟!...یان دووجار ؟؟؟...یان ..دە جار ؟؟؟؟؟؟!!! ..........نەخێر ئەگەر لە مالەوە بم سەد جار !! یان كوا من بەقسەی دایك و باوكم ئەكەم ؟
زۆربەمان وامان لێ هاتوە كە ئیتر دایك و باوكمان هیچ ئومێدی ئەوەی پێمان نەماوە كە شتێكی پێ ووتین بەقسەی بكەین بۆیە دەبێت بە ئاواتەوە بین ڕۆژێك دایكمان پێمان بڵێ ئا ڕۆڵەكەم وەرە ئەو گڵاسەم بدە دەس ! یان باوكت پێت بڵێ ڕۆڵە گیان برۆ ئەو دەرنەفیزەم بۆ بێنە پلاكی گڵۆپی ژورەكەتی پێ چاك دەكەم ! ئەگەر تۆ كەسێكی لەو كەسانەی بە قسەی دایك و باوكت ناكەی ئەوا پێویستە بچیتە قوتابخانەی (وەفا ) بۆ فێربوون و زانینی ئەو شتانەی دایك و باوكمان بێ بەرامبەر بۆمان دەكەن . ئێستا بەوەفابە و هیچی تر .....
پرسیاری سێیەم: تا ئێستا بە دایكت ووتوە دەستت خۆش بێت لەبەرامبەر ئەوەی چێشتی بۆ حازر كردووی , یان جلەكانی بۆ شوشتووی یان كاتێك نەخۆش كەوتووی و زۆر پێتەوە ماندوو بووە ؟! ...هتد ئەگەر وەڵامەكەت (بەڵێ ) یە ئافەرین بەڵام هەمیشە وابەو بەردەوام بە لەسەری , خۆ ئەگەر خوانەخواستە تا ئێستا ئەو ووشە سوك و ئاسانەت لە زار دەرنەهاتبێ ئەوە پێویستە هەست بە كەمتەرخەمی خۆت بكەیت و ئەوە بزانیت كە كەسێك هەیە هەمیشە خۆشتی ئەوێت و ئاگای لێتەو لە منداڵیەوە گەورەی كردویت بەڵام تا ئێستا پێت نەوتووە سووپاس ! بزانە چەند دڵ رەقی , هەر ئێستا بەڵین بدە و بەبەزەیی بە چونكە خوای پەروەردگار بەبەزەییە .........
پرسیاری چوارەم: بۆچی ڕێز لە دایك و باوكت ناگری ؟ ئەگەر تا خوێندنەوەی ئەم دێڕانە هەر سووری لەسەر پشتگوێ خستنی دایك و باوكت و خۆت بە هەندێ دەستەواژەی نادروستی وەك (جا كوا دایك و باوكم چیان بۆم كردووە ؟ كاكە بەو شێوەیە نیە ! نەیان زانیوە پەروەردەم بكەن , تەنها دوو قتوو شیریان بۆ كریوم پارەكەیان ئەدەمەوە !!! .....هتد چەندان ووشەی تری نەشیاو و توك و نزاكردن لە دایك و باوكی ,كە فڵانە شت و فیسارە شتی بۆ نەكردووە ) هەڵخەڵە تاندووە , ئەوە زوو بەو تا درەنگ نەبووە پەشیمان بەرەوە چونكە ئەگەر حەفتا جار دایكت بە كۆڵ بەریت بۆ مەككە و حەجی پێ بكەیت هێشتا بەقەد یەك ئازاری منداڵ بوونی نییە كە بە تۆوەی بینیوە !!! ( وەك لە فەرموودەدا وارید بووە ) ئەگەر دایك و باوكت تۆیان گەورە نەكردایەو ئاگایان لێت نەبوایە ئێستا تۆ كەسێك نەبووی لەم دنیایە ! چی دەڵێی دەربارەی ئەو دایك و باوكانەی كە منداڵەكانیان دەفرۆشن یان هەر لە دایك ئەبێت ئەیكوژن یان ... یان ...هتد ؟!! كەواتە : خزمەتی دایك و باوكت بە كەم مەزانە ..... ئێستا فێربە سپڵە مەبە .
خوشك برای بەڕێزم هەمیشە ئەو ئایەتەت لە بیر بێت كە خوای پەروەردگار دەفەرموێت ( ولا تقول لهما اف ..) تەنانەت لەبەرامبەریشیاندا مەڵێ ئۆف , چونكە دوایی كە بێ نازی دایكت چەشت, ئەو كات قەدری دایكت دەزانی , چاوەڕێی ئەو ڕۆژە مەكە بەسەرتا بێت تا بزانی راست دەكەم یان نا, وەرە بچۆ لە كەسێك بپرسە كە دایكی لە دەست داوە یان باوكی كۆچی دوایی كردووە ........ لە كۆتاییدا دەڵێم خودایە گیان لێمان ببورە ئەگەر تا ئێستا هەستمان بەوە نەكردبوو كە پێویستە لەگەڵ دایك و باوكماندا زۆر باش مامەلە بكەین بەڵێن بێت ئەوە پەشیمان بوینەوە و گەراینەوە ... لێمان خۆش بە .
سەید
8/12/2013